هەڵەیە مرۆڤ مرۆڤی خۆشبوێت
بەهۆی
جیاوازی و یەکپارچەنەبونی دەرون و هۆشی هەردو مرۆڤێک، دواجار وەک دو مرۆڤی
لێکدابڕاو هەریەکییان لە ناوەوەدا هەست بە گومان و مەترسی لە ئەویتر دەکات. بۆیە
ئەوکاتەی مرۆڤ بەدوای خۆشەویستیدا دەگەڕێت، بەڵکو لەگەڵ ئەویتردا ببێتە یەکپارچە
(یەکێتی بون) سەرەتا لە پێناو متمانەکەدا، ئەوەش لە دواتر ڕێز و خۆشەویستی بەدوای
خۆیدا دێنێت.
کەچی لێرەدا هەڵەکە
ئەوەیە مرۆڤێک مرۆڤێکی تری خۆشبوێ، بەوەی دەرونی مرۆڤ لە ناوەوە دوکەرتێکی
چێژپەرست و بە چێژەکانی خەسان و خەساندن دەژی و لە هەرچ دۆخێکیشدا پاساوێک
دەداتەوە، بە مانای دەرونێکی ڕێکنەخراو و لە هەمان کات بێئاگایە لەم دۆخەی وەک
خۆنەناسینێک، سەرئەنجام لە دەرەوە و بەرانبەر ئەوی دیکە دوڕوێکی لێ بەرهەم دێ.
لێرەوەیە لە خۆشەویستیدا دەبێ مرۆڤی باڵا هەڵبژێردرێت. لەکاتێکدا هەرچەند ئەویش لە
ناوەوەی چەند کەرتێکە، بەڵام بە خۆناسین و مۆڕال (هۆش/ئەخلاقی ناوەکی) خۆی
کۆکردۆتەوە وەک هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە و لە دەرەوەش یەکڕوی هەیە.
بەم پێزانینەوەیە
کاتێک نیچە لە زەردەشت وەهای گوت دەڵێ: "خواش لە دۆزەخدا دەژی، لەبەر
خۆشەویستی بۆ مرۆڤ". واتا خوایەتی و بەرزەمرۆڤی هەڵبژاردنێکی ئەخلاقییانە و
یەکڕوانەیە، بە خۆشویستنی بونەوەرێکی دەبڵ ئەخلاقەوە ڕوبەڕوی ژیانێکی عاشقانەی
ئۆرفیۆسییانەی دۆزەخی دەبێتەوە.
کەواتە جارێکی تر
عاشقیش وەکو خۆناسێک بەشێوەیەکی ئۆرفیۆسی و بۆ بازدانێک بەسەر هیستریادا (عەشق)
ئەو پیرۆزییەی نەستی بە شکاندن نەبەزێنێت، ئەوە هەمیشە بە عەشقی مەعشوقێکی
دوکەرتەوە (دوچار بە هیستریا) لە ئاستی خۆی دادەبەزێنێ و دەکەوێتە دۆزەخەوە،
وەکئەوەی خوایەکی یەکڕو کەوتبێتە خۆشەویستیکردنی مرۆڤێکی دوڕوەوە.
هیوا سەعید