لە عەشقدا

خوا باوکە!

 "فرۆید"

دەستدرێژی، یان توندوتیژی نەبێت، کە سروشتێکی وێرانکارانەی پێدەدا، چالاکی ئیرۆتیکی زۆر بە زەحمەت دەگاتە هەڕەتی. 

"ژۆرژ باتای"

سەبارەت بە ژن دەبێ لەگەڵ پیاوان قسە بکەی.

 "نیچە"


-١-

(دەیەوێ ویستی داگیر بکرێت)

زۆرجار کچ لەدوای  شوکردنیش هیشتا دەرونە سێکسییەکەی پێناگات. لێرەدا ئەم دۆخە دەرونییە دەبێتە مایەی زوتر چاوی بە ڕوی لایەنە نەرێنی و خەوشەکانی ژیانە هاوسەرگیرییەکەیدا بکرێتەوە، دواجار لە کاردانەوەیدا دوچاری کەسایەتییەکی دوفاقی بێبەزەیی و بەسۆز (هەستکردن بە گوناه) لەیەک کاتدا دەبێتەوە، زۆرتر گۆشەگیر و ناساغ، توش بە هیستریای لاڵی و دەنگنوسان و کۆکە و دەنگگۆڕان دەبێتەوە، قسەکانی وەکو پەیام ناردن و پەیوەندیگرتنێک بە دەرەوە، زیاتر بە نوسین (هەست دەربڕین) دەردەبڕێت. 

سیگموند فرۆید لە چارەسەری یەکێک لە کچە نەخۆشەکاندا (دۆرا)، ئەم نالەباری دەرونی و ناساغییە جەستەییانە بە لێکەوتەکانی هیستریا (ویستنەوەی باوکی نەست) و بەرجەستەنەبونی ئەم خەیاڵە لە پانتایی واقیع دادەنێت. 

لێرەوەیە هۆکاری بنەڕەتی ئەم جۆرە نەخۆشکەوتنەی ژن لە دوبارە ویستنەوەی باوکایەتییە لە مێردەکەی (عەشق)، بەڵکو لەبری هەستکردن بە ژیانێکی کاتی هاوسەرگیری لەگەڵیدا، خۆی بە موڵکێکی (شەڕەف) هەتاسەری دابنێت. ئەم تێڕوانینەش پەیوەستە بە خوا و تێگەیشتنە ئەخلاقییەکانی نەستەوە، بەشوێن سۆز و عەشقێکی باوکانەی تەمەنی منداڵیدا دەگەڕێت، پێیوایە ژن و مێردایەتی بەم شێوەیە نەبێت، ئەوە چۆنییەتی پێکەوەبونەکەیان هەستێکی لەشفرۆشانە (پێکەوەبونێکی کاتی) و بەکاربراوانەی لە ناخەوە بۆ دروست دەکات.


-٢-

(نایەوێ ویستی داگیر بکرێت)

مەعشوق بەهۆی هیستریا و ویستی بەزاندنی تابو، لە دابەشبونە دەرونییەکەیدا (شڵەژان) توشی جوڵە و دەڕبرینی ناکۆک بەیەکتری دەبێ، لە عاشق وایە مەعشوق مرۆڤێکی دوڕوە. لەکاتێکدا سەرەڕای مەعشوقەکە بە جوڵە و دەربڕینە سەرەتاکانی عاشقەکەی تەلقین بدا و بەلای خۆیدا ڕایکێشێت، هەر ئەوە عاشقەکەیە بە چڕکردنەوەی خەیاڵ و خەواندنە موگناتیسییە دواترەکانی وەک سەپاندنی ویست بەسەریدا، جوڵە و دەربڕینی مەعشوقەکەی (بۆ بە موڵککردن) دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، کاتێکیش مەعشوق دەکەوێتەوە ژێر ویستی خۆیی و خۆی بەدەست دێنێتەوە، بەڕوی عاشقەکەدا هەڵدەگەڕێتەوە. 

وەک فرۆید لە نوسراوەکانیدا دەیگێڕێتەوە یەکێکی تر لەو کچە نەخۆشانەی برۆیەر هەوڵیداوە بە خەواندنی موگناتیسی چارەسەری هیستریاکەی بدۆزێتەوە، بە ئاڵوگۆڕی تەلقیندان و خەواندنەکەی نێوانیان عاشقی یەکتربون، چەندجاریش نەخۆشەکەی خەواندبێ وەک زەوتکردنێکی ویستی، لە دواتردا کچە نەخۆشەکە بۆ بەدەستهێنانەوەی ویستەکەی زۆر توندوتیژانە بەڕوی برۆیەردا هەڵشاخاوە. 


-٣-

(ئەنجام)

لەگەڵ ئەوەی عەشق ئەزمونکردنێکی ئایدیالییە، ئامانجەکەی لە پانتایی واقیعدا لەبەر سەپاندنی ویست و بە موڵککردنە وەک باڵادەستی و ژێردەستیکردنێک، کەچی پێچەوانە دەکەوێتەوە. ئەم باڵادەستی و ژێردەستییە ململانێی ئارەزو و هۆشە، مەعشوق (ویست داگیرکراو) وەک خەساوێک (فالۆس/ئەوەی نییەتی) تێر ناخوا و هەردەم ئارەزوی لە وروژان و چێژی دەوێ (بۆ هەمیشە موڵکایەتی لێکردن)، بە پشتلێکردنی (بەکاربراوی کاتی) بەڕوی عاشقدا (بە بیانوی بەدەستهێنانەوەی ویستی) هەڵدەگەڕێتەوە. لە بەرانبەردا عاشقیش وەک خەسێنەرێک (فالیک/ئەوەی هەیەتی) ناتوانێ تەواوی کاتەکانی لە موڵکایەتییەکەی بە خەرج بدا، تایبەتمەندی خەسێنەر بە تێرخواردن هۆشی بەرەو پانتایی ئایدیاکان بەگەڕ دەکەوێت.


هیوا سەعید





Popular Posts