سۆفیگەری کەمینە لە یار

مرۆڤ بە گرتنەبەری ڕێگای خوایی سۆفیگەرانە، بەهۆی یەکساننەبونەوەی بە خوا (یەکێتی بون)، هێشتا لەگەڵ ئۆبێکتدا لە ململانێدا دەمێنێتەوە، بەوەی یار بە پێچەوانەی ژیانی سۆفیگەرانە ژیانی دنیایی هەڵبژێرێ، سۆفیگەر لە ڕوی دەرونەوە هەست بە بەهێزی و باڵادەستی بەسەردا دەکات، بەو پاساوەی بۆخۆی چاک و پاکە و یاریش لە خراپە و پیسیییەکانی دنیادا گلاوە، بە پێچەوانەوە بە هەمان شێوەی خۆی بەرەو لای خوا وەکو چاک و پاکێک بگەڕێتەوە، جارێکی تر لەناوەوە هەستێکی باڵادەستانەی بەسەریدا وەک کەوتوێک (لە تەرککردنی دنیاوە) دەکاتەوە.

لەبەرئەوەی لەناوەوەی سۆفیگەریدا، مەبەستی عاشق (سۆبێکت) لە دەستبەسەرداگرتنی مەعشوق (ئۆبێکت) وەک شەڕەفێک بە موڵکێکی تایبەتی تێدەگات، کەوتنەکەی بە مانای لە ئارەزوکەوتن (تەرکی دنیا) دێت، کەس لەپێناو دەستبازیدا نزیکی نابێتەوە.

ئەوەیە لە هەردو ئەگەردا ژیانی سۆفیگەری (سۆزەکیبون/ نەست) وەک کەمینێک لە ئۆبێکت دەبێ بە پلانێکی براوانە لە ململانێی عاشقانەی یاردا (سۆبێکت بەرانبەر ئۆبێکت). چونکە عەشق جەنگی دو دەرونە لەسەر سەرداری و کۆیلەبوندا، لاوازی دەرونی هەریەکییان بەهێزبونی ئەویترییانی لێدەکەوێتەوە.

بۆیە کردنی ئەم جەنگە بەشێوەی سەردارانە، پێویستە دەرون هەمیشە لە دۆخی خەسێنەریدا (فالیک/ئەوەی هەیەتی) بێ، بەڵکو بە ویستی هێز دەستبەسەر یار وەک ئۆبێکتێک لە نەستدا بگیرێت، ئەوەش پێویستی بە وزە و چالاکبونێکی جەستەیی زۆرە، ڕەنگە لەم جەنگە نەبڕاوەیەی ژیاندا سۆبێکت (عاشق) بە پوکانەوەی جەستە و بەساڵاچویی، دواجار توشی تێکشکانێکی نیچەیی ببێت.

بەڵام بە دەرونێکی سۆفیگەرانەی خواپەرستانە (سۆزەکی)، لەبەر پێوەرە ئەخلاقییەکانی پاکی و پیسی، کاتێک یەکییان یەکسان ببێتەوە بە خوا و ئەویتریان بە دنیا، لێرەدا یار ببێ بە دنیایی (گلان لە خراپەکاری و پیسبون) دەرونی سۆفیگەرانە هەستێکی باڵادەست و براوەی بۆ دروست دەبێت، ببێتە خواپەرستیش (پاکبون/دور لە هەوەسبازی)، دیسان سۆفیگەر وەک سۆبێکتی بێ نەیار دەمێنێتەوە، بەوەشدا جەنگەکە دەباتەوە.

لێرەوەیە سۆفیگەری و سۆزەکیبون یەکسان دەبێتەوە بە پلانێک لە ئەویتری یار بۆ کەواندنی وەک نەیارێک، بە مانای بۆ خۆپارێزی لە خوا چاودێرەکەی ناو نەست دژ بە ئۆبێکت، لەکۆتایی پاراستنی هەست لە پەرێشانی و نەشڵەژانی دەرون لەم نێوانەدا.


هیوا سەعید

Popular Posts