سوپاس بۆ شێتی

"نیچە بەشوێن هەقیقەتدا گەڕیدەیەکی نائەکادیمی شۆپنهاوەرییە، دژ بە مۆدیلە هیگڵی و کانتییەکەی ناتوانن هەقیقەت لەسەرەوەی دەوڵەت وەک دەسەڵاتێک ببینن. میشیل فوکۆش هەروایە، ئەوەندەی خۆی بە ڕۆژنامەوانێکی کتێبی دەزانێ، ئەوەندە خۆی بە فەیلەسوف نازانێت، سەرەڕای ڕقی نیچە لە سادەیی ڕۆژنامە، دواجار ئەویش مۆدێلە نیچەییەکە"

لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەی (من ئەویتر نییە، ئەویتر دەسەڵاتە)، بۆ یەکسانکردنەوەی چەمکی یاخی وەک کردەیەکی تاکگەرا، بە چەمکی شۆڕشگێر وەک کارێکی دەستەجەمعی، دەکرێ شۆڕشێک لە چەندین مرۆڤی یاخی پێک بهێنرێت. بەو پاساوەی مرۆڤی یاخیش بە هەمان شێوەی مرۆڤی شۆڕگێر مەبەستییەتی فۆرمەکانی پانتایی خەیاڵی لە پانتایی واقیعدا بەرجەستە بکات، هەروەها بەهۆی مۆڕاڵیشی، لە نێوان چەوسێنەر و چەوساوەیەک بە دڵنیاییەوە مرۆڤی یاخی لایەنی چەوساوەکە دەگرێت.

بەڵام چۆنییەتی ئەم لایەنگیری و بەرگرییەی مرۆڤی یاخی لە بەشداری شۆڕشدا، لەبەر پرسی جوانی لە ڕوانگەی یاخییەوە، هەرچەند هەتا ئاستی خۆبەقوربانیکردن بەرگری لە چەوساوەکان بکات، ناتوانێت بە ئیتیکی شۆڕشگێری ئەویتر بکوژێت.

لێرەوەیە کاتێک نیچە وەک ئەم یاخییە تاکگەرایە لە شاری تۆرینۆی ئیتالیا بەسەر دیمەنی ئەو ئەسپەی خاوەنەکەی بە قامچی لێی دەدا دەچێت، لە کاردانەوەی چەوساندنەوەکە لە خاوەنی ئەسپەکە ناداتەوە، بەڵکو بە لەباوەشگرتنی ئەسپەکە وەک بەرگرییەک خۆی بەر قامچییەکە دەدات.

کەواتە لەپێناو جوانی، مۆڕاڵیش وەک ئەخلاقێکی ناوەکی مرۆڤی یاخی، یەکسان نابێتەوە بە ئیتیک و ئەخلاقی دەرەکی مرۆڤی شۆڕشگێر. هەر ئەوەشە من دەکاتەوە بە ئەویتر و هەردوکیشیان بە دەسەڵات. لەبەرئەوەی ئەم جۆرە بەرگرییەی نیچە لە ئەسپەکە، چەند بەرگری بێ لە ئەسپەکە، وەک دەسەڵاتێکیش هێشتنەوەی دەسەڵاتی خاوەن ئەسپەکەیە بەسەر ئەسپەکەدا.

لێرەدایە ئەو مانەوە بەرهەمهێنراوەی کارەکتەری پاریسیایی (چەمکی بایۆدەسەڵاتی میشێل فوکۆ، لەبری دیسپلین بە بەرهەمهێنەر لێکدەداتەوە"١") لەناو کۆمەڵگا، سەرەتا وەک بەرگریکارێکی چەوساوەکان، دواتر بۆ بەرهەمهێنانەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە، جوانییەکەی ئەوەندەیە خۆی دەداتە بەر قامچی دەسەڵات نەک تێپەڕاندنی دەسەڵات"٢"، ئەوەش جارێکی تر ئازارخواردن و بەشان دادانەوەی خاچەکەی عیسایە لەپێناو ئەوانیدی. کەچی نیچە لەگەڵ ئەوەی مردنێکی بەو شکۆ و بێ سەردانەوەندنەی عیسا بۆ جەلادەکانی بە جوان بزانێت"٣"، ژیانکردنێکی لەم شێوەیە بە جوان نابینێت، لەکۆتایی لە تەواوی ئاوەدانی، لە قوربانی و جەلادەکەی دور دەکەوێتەوە. وەکچۆن لە دوای گەڕانەوەکەی لە ئیتالیا، چیدی بەشداری ئاوەدانی ناکاتەوە و دواساتەکانی تەمەنی بە دورەپەرێزی و شێتی دەژیت"٤".

ئایا ئامانجی ئەم شێتە نیچەییە بۆ ڕوبەروبونەوەی دەسەڵاتێکی خاوەن هۆش لەبەرئەوەیە، وەک نەخۆشێک بە بەرهەمهێنانەوەی چاکی بکاتەوە، یان دەیەوێ بە شێتییەکەی درز بخاتە دەسەڵاتەکە، بەو مانایەی کارەکتەری پاریسیایی فوکۆیی وەک شێتییەک بۆ ئەوە شێتە، بایۆدەسەڵات بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی بەرهەمی بێنێتەوە!

ئەگەروابێ، بە مانای ئەم شێتییە بۆ درزتێخستن و تێپەڕکردنی دەسەڵات نەبێ، نیچە نەیدەوت: "سوپاس بۆ شێتی. زانستی شاد". چونکە ئەم سوپاسە بۆ یاخییەک جگە لەوەی لەبری مانەوە بۆ تێپەڕکردنە، ئەویتری دەسەڵات کێیە وەک بەرهەمهێنانەوەیەک ناسنامەی پێ ببەخشێ! بە پێچەوانەوە، ئەم وەک خۆناسێک دەسەڵاتە بەسەرخۆیدا، هیچ کاتیش ژیانکردنی عیسایی و هەمیشە خۆدانە بەرقامچی دەسەڵات بە جوان نابینێ و ئەم جوانییە بۆ نیچەیەک لە دیمەنە تراژیدیاکەی ئەسپەکەی تۆرینۆ تەنیا بەزەیی دەجوڵێنێ و ئەویش پێیوایە: "ئەوپەڕی هیچ و پوچییە ئەوە بە جوان ببینی ئەوانیتر، زگییان پێت بسوتێت. نیچە، بەرەبەیان"

بۆیە ئەو شێتە، نیچە شێت و دابڕاو لە هۆشەکەی سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە نییە، بە جوڵاندنی بەزەیی ڕوبەروی دەسەڵات ببێتەوە"٥". بە پێچەوانەوە ئەم نیچە شێتەیان بە ڕێی هۆشەوە، بە لۆژیک و ئەخلاقێکی تری دژ بە لۆژیک و ئەخلاقە باوەکەی دەسەڵات دەوەستێتەوە (لەپاڵ پێویستی بۆ ئیستاتیکا، کۆمەڵێک زەروڕەتیش هەیە: "خۆت بناسە". نیچە، شۆپنهاوەر وەک پەروەدەکارێک). هەتا لەباتی دەسەڵاتەکە بە چاککردنەوەی شێتەکە لە قازانج و خزمەتی خۆی بەرهەمی بێنێتەوە، ئەم بە شێتییەکەی وەک هەڵگری لۆژیک و ئەخلاقێکی دیکە، دەسەڵاتەکە بەخۆی یەکسان بکاتەوە. ئەوەیە کارەکتەری پاریسیایی دیسپلیننەکراو جیاواز لە پاریسیایی بەرهەمهێنراو (وەکئەوەی دایۆجین گەڕابێتەوە ئاوەدانی"٦")، بۆ بەرگریکردن لە کۆمەڵگا دژی دەسەڵات، ئەم تێگەیشتنە نیچەییە لەبارەی شێتی، بە بەرجەستەکردنی ئەخلاقییاتی دژەباو پراکتیک دەکات.

پەراوێزەکان:
"١" لە کاتێکدا بە تێگەیشتنی فوکۆ، شەرعییەتی دەسەڵاتی سەروەر لە توانای مراندن و کوشتنی مرۆڤ بەدەست دەسەڵات خۆیەوە دێ، نەک لە ژیاندنی. بە مانای ئەم دەسەڵاتە دەتوانێ مرۆڤەکان بکوژێت کە نایانکوژێت. هەروەها بایۆدەسەڵات وەک درێژکراوەی دەسەڵاتی سەروەر، ئەمجارەیان بە تەکنیکێکی تر لە هەوڵی بێبایەخکردنی بابەتی مردنە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی مردنیش بێبایەخ بێ. لێرەدا ئامانج ئەوە نییە مرۆڤ بە ژیانەوە بنوسێ، ئامانجەکە بەس دەسەڵاتەکە بە بەهێز و گەورە تەماشا بکرێت. میشێل فوکۆ، دەبێ بەرگری لە کۆمەڵگا بکرێت.

"٢" ئەو هونەرمەندەی بە سۆزێکی زۆرەوە گۆرانی و سرود دەچڕێت، وەها خەون بەخۆیەوە دەبینێ لە سەردەمێکدا بێ، سۆز و هەست بەسە بۆ داهێنانی هونەری. نیچە، کەیسی ڤاگنەر.

"٣" پیاوێک لەسەر خاچەکە بە شکۆوە کوژرا. نیچە، لەبارەی مردنەکەی عیسا، زانستی شاد.

"٤" بەڵێ ئێمە ڕقمان لە هەمەجییەتە و پێمانخۆشە ببینین مرۆڤایەتی بە هیلاک دەچێت، نەوەکو پاشەکشە بکات و بگەڕێتەوە دواوە. نیچە، زانستی شاد.

"٥" ئارەزو لە ڕواقییەت و خۆنمایشکردن باشترە، ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی، تەنانەت لەناو شەڕانگێزیشدا باشترە لە لەدەستدانی خود لەنێو ئەخلاقی دابونەریتدا، پیاوی ئازاد دەتوانێ بەو ڕادەییەی خەبیسە، باشیش بێ. پیاوی زەلیلیش جۆرێکە لە سوکایەتی کردن بە سروشت و هیچ دڵدانەوەیەکی نییە، ئینجا لە ئاسمان بێ، یان لەسەر زەوی. نیچە، زانستی شاد.

"٦" هەرچەند نیچە ژیانی گاڵتەجاڕانەی دایۆجینی و نوکتە بە خراپەکارییەک شەرعییەتی پێبەخشرا بێ لێکبداتەوە (پێکەنین چێژوەرگرتنە لە خراپەکاری، بە ویژدانێکی ئاسودەوە. نیچە، زانستی شاد)، پاش دەستهەڵگرتنە دایۆجینییەکەی نیچە لە ئاوەدانی، گریمان وەک دایۆجینیش شێتییەکەی تێپەڕ کردبا، لە گەڕانەوەی جارێکی تری بۆ ناو کۆمەڵگا (زۆر مەحاڵیشە)، بۆ ئازارخواردنێکی مازۆخییانەی عیسایانە و زگپێسوتان ناگەڕێتەوە. هێشتا بۆ تێپەڕکردنی دەسەڵات، ئەخلاقە گاڵتاجاڕییە دایۆجینییەکە لە ئەخلاقی عیسایی بە چاکتر ببینێ، لەکاتێک ئەویش (سەگباوەڕی) دەسەڵاتی لە پانتایی واقیعدا پێ تێپەڕ ناکرێت.


هیوا سەعید

Popular Posts