بە بێ خوا، دەتوانی لەگەڵ نیچەدا بژی

فریدریک نیچە لە کتێبی شۆپنهاوەر وەک پەروەەدەکارێک دەڵێ: پێمخۆشە مامۆستایەک بم لە بازل، نەک خوا! بەو مانایەی حەزی دەکرد مرۆڤێکی ئاسایی با، بەڵام ئەوکاتەی خەیاڵەکانی مرۆڤ لە پانتایی واقیعدا بەرجەستە نابێ و بە هەمیشەییش خەیاڵی هەیە، لە هەمان کاتیش دەستی لێ بەردا، لەناوەوە بە لاوازی دەکەوێ و بە نەبون یەکسان دەبێتەوە، ئەوا لە نێوان کەوتن و هەڵسانەوە، بە مانای لە نێوانی ژیانکردنی بە بچوکی و گەورەییدا وەکو پێویستییەک دەست لە خەیاڵەکەی هەڵناگرێت، چونکە لەبەر ژیانکردن و ڕوبەڕوبونەوەی چارەنوس پێی دەژی. لێرەوەیە گەورەبون و باڵایی پێوستییە وەک بەخوابونێک.

ئەوەیە جارێکی تر نیچە دەڵێتەوە مرۆڤ مەحکومە بە ژیان، دیسان ژان پۆڵ سارتەریش لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە بونی مرۆڤ بە ئازادبونییەوە دەبەستێتەوە. واتا کاتێک مرۆڤ مەحکوم دەبێ بە ژیانەکەیی و دواتریش بە ئازادبون، لێرەدا هەڵبژاردنی ژیانەکەی بە گەورەییەکی خواییانە پێویستبونێکە.

بۆیە نیچەبون تەندروستبونێکی دەرونی و بەخوابونێکی دەسەڵاتدارانەیە، لەبەرئەوەی بەخوابون جگە لە بازدان بەسەر ترس و دەرونشڵەژاوی و دەستبەسەرداگرتنی پاڵنەرە شڵەژێنەرەکان و گلدانەوەیان لەناو نەستدا، هێنانەوەشییانە، بەوەی هەرکات مرۆڤ لەپێناو چێژپێدان بە ئارەزو و سۆزوەرگرتن لە گەڕانەوەی ڕابردودا، دەکرێ مامەڵەی پاڵنەرەکان بکاتەوە و بیانهێنێتەوە بەرهەست، هەرکاتیش نەیویست دەیباتەوە شوێنەکەی خۆی.

کەواتە نیچە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گومان و دڵەڕاوکێیانەی لە ئۆبێکەتەوە سەرچاوە دەگرن، سەرەڕای یەکسانبونەوەی بە دەرچون لە ئۆبێکت، دواجار لە تەواوی دەسەڵاتەکانی کلتور و ئایین و سیاسەت و هەمویان پێکەوە دەردەچێت. ئەوەش بەهێزبونێکی ناوەکییە، ئەم بەهێزبونە ناوەکییەش دڵنیایی و پارێزراوییەکی ئازادانەی لێدەکەوێتەوە، لەکۆتایی ژیانێک بە بەختەوەرانە.

بەم شێوەیە لەبری تێکشکان و کەوتن، ژیانکردنێکی سەرومرۆڤانە لەگەڵ نیچەدا ئارام و خۆش دەگوزەرێت.


هیوا سەعید

Popular Posts