نیچە وەک تاوانێک وەک سزایەک

کاتێک مرۆڤی عاشق هەتا مردن بە عاشقێکی تراژیدی (نەخەساو/ناسۆزەکی) دەمێنێتەوە، لەبەر سۆزی مەعشوق نییە، بەڵکو لەسەر خۆیەتی، چونکە مەعشوق (لەدوای خۆی) بەهۆی هاوشوناسکردنییەوە (وەکیەکلێکردن) بە کەسی دیکە، ناعەدالەتی (بە لەناوبردنی کەسایەتییەکەی) لەگەڵدا کردوە، واتا کەسایەتی ئەمی بۆ کەسیتری بێشکۆ بە تاڵانبردنێک بردوە*.

لێرەوەیە نیچە دەڵێ: "ئێمە لەگەڵ ئەم دەڵاڵ و تێکەڵکەرانە دوژمنین"، یان دەڵێ: "لێم بدزە، بەڵام بە تاڵانم مەبە"، بە مانای شتێک لەخۆم بهێڵەوە، بونم (شکۆم) بە تەواوەتی لەناو مەبە.

هەر بەم هۆیەوەیە ڕق و توڕەییە نیچەیی و بەشەڕەفبونەکەی (شکۆ/دەستبەسەرداگرتنی سۆز)، بە تایبەت ڕقی لە پیاوە بچوکەکان و ژنانی لەشکۆکەوتو (دەڵاڵ/تێکەڵکەر) لە فەلسەفەکەیدا، یان هاوسەرگیری نەکردن و دواجار تێکشکانەکەی لە تەنیایی و بێسۆزیدا، لەبەرئەوەی ئەزمونی پێکەوەیی بەرهەمهێنانەوە و دروستکردنی دەرونە (کەسایەتی) لەگەڵ ئەویترێک، کە یەکسانی دەکاتەوە بەخۆیی و لەخۆیشی ناچێ، سەرئەنجام ململانێی بۆ خۆپاراستن لێ دەکەوێتەوە. ئەویش بەم جۆرە دنیابینییەی فەلسەفەکەی کەسایەتییە ڕەسەنە جیاوازەکەی لە بێشکۆیی و بەتاڵانبردن وەک لەناوچونێک پاراست.

لەکاتێکدا بۆخۆی ئەم شێوەژیانە توشهاتوەی بە نابەدڵ بینیوە، لە ناچارکەوتن (ناعەدالەتی/تراژیدیا) و پاراستنی شکۆیەوە بەسەری هاتوە، بۆیە جارێکی تر دەڵێ: "ئەوە بە دوژمنەکانم دەڵێم: تەواوی تاوانەکانی مرۆڤ ناکاتە ئەوەی بەرانبەر من کرا". کەچی لە دواتر ئەوکاتەی وەڵامی ئەو پرسیارە دراوە چۆن بەشێک لەم پێزانینانەی (لە فەلسەفەکەی) پێزانیوە سزای لە تاوانبارەکانی وەرگرتەوە، بەوەی کەسایەتییە ساختە و ڕاستەقینە تێکەڵبوەکانی بە لێککردنەوە ئاشکرا کرد، لەپێناو ئەوەیکە ساختەکان (بێشکۆکان) وەک هەمیشە بچوک و بۆ زبڵدانی مێژو، ڕاستەقینەکانیش (بەشکۆ تراژیدییەکان) گەورە و نەمر.

ئەوەیە جارێکی تریش بۆ لێککردنەوەی خۆیی و ئەوان و لەناونەچونی ناسنامە ڕاستەقینەکەی دەڵێ: "کتێبەکانم تەنیا باسی سەرکەوتنەکانم دەکەن، بەتەنیا خۆم و دوژمنەکانمی تێدا، ناسنامەی منیان هەڵگرتوە، بە شانازییەوە دەڵێمەوە بەس ناسنامەی من لەخۆ دەگرن". ئەوەش وەک دژ بە هاوشوناسی و ناڕەسەنبون مەبەستی لە لەبەرگیراوە ساختەکانی خۆیەتی، ئەو ساختانەی هەردەم دەکەونە دواوە، لە دواوەی ڕاستەقینەبوندا، لە دواوەی شکۆدا.
                                                        

* زۆرجار دەسەڵات و دەزگا جاسوسییەکانیش بە هاوشوناسکردن (بە بەکارهێنانی گرێی ئۆدیب و خەواندنی عاشقانە وەک کۆدێک)، بە پیاوی بچوکی بازاڕی لە شکۆی پیاوی بە شکۆ دەدەن، بە دروستکردنی مەعشوق و باڵادەستی بەسەردا کردنی لەلایەن خۆیانەوە وەک خەساندنێک، هەتا لە دواتردا لە شکۆی عاشقەکەی پێ بدەن، کەچی (ئەم جیهانە لەسەر ئیمانێکی پێچەوانە دامەزراوە. نیچە). ئەوەیە نیچە وەک دوژمنێکی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بە دز و دوڕو و داوای دورکەوتنەوە لە مرۆڤی باڵا لە بازاڕێکی زبری وەهای سیاسی دەکات.

هیوا سەعید

Popular Posts