بە قامچییەوە بڕۆ کن ژنەکەت

ئەوانەی وەک ژن ژنیان خۆشدەوێ، پیاو نین.

"نیچە"


لەناو نەستی ژندا پیاوێک هەیە باوکە، ئەم باوکە فالیکێکە (ئەوەی هەیەتی/نێر) لە تەمەنی منداڵی کچدا خەسێنەری دایکییەتی وەک فالۆسێک (ئەوەی نییەتی/مێ). لێرەدا ئەم باوکە خەسێنەرە بەشێوەیەکی سیمبولی دەبێتەوە بە خەسێنەری کچەکەیشی، چونکە باوکی خەسێنەر لەپاش هەر بەرهەمهاتنەوەیەکی دەرونی لەکاتی خەساندندا وەکو باڵادەستێکی بەهێز سۆزی بۆ ژێردەستە خەساوەکەی دەجوڵێت، دواجار ئەم سۆزە دەپەڕێتەوە بۆ ژێردەستە سیمبولییەکەش (کچەکەی). هەروەها ئەم جۆرە لە خەساندنە باوکانەی باوک سەرەڕای دەبێ بە مایەی سۆزپێدانی کچەکەی، بۆ کچەکەش دەبێتە جێمتمانەترین پەناگەیەک ڕێز و خۆشەویستی بەدوای خۆیدا دێنێت.

بۆیە ژن لە خۆشەویستی و هاوسەری پیاودا هەمیشە بەشوێن ئەو باوکەی منداڵییە لەپێناو توانەوە لەناویدا (یەکێتی بون)، بەڵکو بەم توانەوەیە لە دڵەڕاوکێ و گومانی ژیانی پێکەوەیی (دابڕاوی) ڕزگاری ببێ، دوکەرتی و دۆخی شڵەژاوی (هیستریا) بگۆڕێتەوە بە متمانە و ڕێزگرتن و خۆشەویستییەکی دولایەنە.

لێرەوەیە لە زەردەشت وەهای گوت نیچە دەڵێت: "ئەگەر چوییە کن ژنەکەت، قامچییەکەت لەبیرمەکە!" بەو مانایەی قامچی سیمبولێکی یەکسانە بە فالیکبون و ئاژۆتنێکی ئاڕاستەکەرانەی باوکانە، واتا ئەگەر چوییە کن ژنەکەت ژن مەبە، منداڵ مەبە، پیاو بە، باوک بە.

لەبەرئەوەی ئەوکاتەی ژن لە هاوسەرگیریدا ئەو باوکەی منداڵی لە مێردەکەی نادۆزێتەوە، یان ئەوەیە لە نێوان تێگەیشتنە ئەخلاقییەکان (تابو/نەشکاندنی پیرۆزی) و داواکارییەکانی ئارەزو لە پانتایی خەیاڵ (ویستنەوەی باوکی نەست) و بەرجەستەنەکردنی ئەم داوایە (لە ترسان) لە پانتایی واقیع دوچاری دوکەرتبونی هیستری و شڵەژانی دەرونی دێ، بەوەش دەکەوێتە ڕاڕاییەکی بێزارکەر و ژیانێکی بە ترس و گوماناوی، یانیش دەبێ بە ناچاری بەسەر ئەم مێردەمنداڵ و مێیەی بازدا و پەنا بباتە بەر خیانەتکردنەوە.

کەواتە بۆ ئەوەی دۆخێکی (دۆزەخی ئۆرفیۆسی) وەها ڕونەدا، هاوسەرەکان لە بەردەم هەڵبژاردنەکانی وەک هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرێتی و بە تەنیا ژیانکردن، دابڕانی مەعریفی و گۆڕینی تێگەیشتنی ئەخلاقی باو ناچارن یەکییان هەڵبژێرن.

ئەگەرنا پێویستە پیاو (مێرد) خۆی یەکسان نەکاتەوە بە دایکە فالۆسەکەی (خەساو) منداڵی و دایکە ئۆدیبییەکەی تێپەڕ بکات، بە پاڵدانێکی پێچەوانە پاڵی نەدا بۆ دایکێکی زارەکی (دروستکردنی زەکەرێکی سیمبولیک بۆ ژن و بە نێرکردنی لە پانتایی خەیاڵ/کردنەوەی بە باوکە ئاڕاستەکەر و خەسێنەرەکە بەسەرخۆیدا/هۆمۆسێکسواڵیتەی ناڕاستەوخۆ)، هەتا ئەندامە ئایدیالییەکەی خۆیشی نەبێتەوە بە فالۆس و لە ژنەهاوسەرەکەیدا جارێکی تر بۆ خەساندنەوەی خۆی دایکێکی تر بەرهەم نەهێنێتەوە (چێژکردن لە ژێردەستەیی)، لەکۆتایی ژنەهاسەرەکەی پاڵ بدا بۆ گەڕان لە باوکێک، لە دەرەوەی ژیانە هاوسەرگیرییەکەیان.

بەڵام ئەو پرسیارەی لێرە سەرهەڵدەدا پیاو بە ئەزمونکردنی چەندینجارەی نێربونەکەی لە بەرانبەر ئەویتری مێیەک، هەتاسەر بە پیاوە نیچەیی و بە بەشنەدانی چێژە مازۆخییەکەی (نەویستنەوەی دایکی نەست/ نەبون بە ژن) دەمێنێتەوە، بە مانایەکی تر تامەزرۆیی بۆ قسەکردنی (هاوسەرگیری قسەکردنە. نیچە) خۆشەویستانە و متمانە و ڕێزەکە وەک فۆرمێکی یەکێتی بون و ئارەزوەکانییان لە پێکەوەژیانی هاوسەرانەدا چەند درێژە دەکێشێت؟ لە کاتێکدا ئەزمونکردن تێپەڕاندن و تێربونە لە چۆنییەتی چێژکردنێک، خۆشیلێهاتن دەگۆڕێتەوە بە خۆشیلێنەکردن و بێزاری، سەرئەنجام قسەنەکردن بە هێمای پێکەوەنەمانێک.


هیوا سەعید

Popular Posts