نیچە بەڵایەک لە بەردەم دەسەڵاتدا

دەتەوێ سەدانجار زیاتر بیت؟ بەدوای خەڵکانێکدا دەگەڕێی بە شوێن پێتدا بڕۆن و ببن بە دەروێشت؟ بڕۆ بە شوێنی سفردا بگەڕێ!

دەوڵەت بە هەمو زمانە باش و خراپەکانییەوە درۆ دەکا، هەرچی بیڵێ درۆیە و هەرچی کە هەیەتی دزێتییە.

زەردەشت، لەم شارە دور بکەوە، لێرە گەلێک لێت بێزارن. تۆ بە دوژمن و سوکدانەری خۆیان دەزانن. تۆ بۆ خەڵک بە مەترسی دادەنێن.

فەلسەفە پەنای مرۆڤایەتی دەدا، پەنایەک ستەمکار ناتوانێ بیبەزێنێ و درزی تێبخات، ئەشکەوتێکی ناوخۆیی، ونگەیەک بۆ دڵ: ئەوە ستەمکاری بێزار و توڕە دەکات.

                                                                    نیچە

لەبەرئەوەی نیچە بە کوشتن بازی بەسەر خوای نەست و سەرچاوەی تەواوی وەهمەکان و ناسینییان داوە، بۆیە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەم بکوژی خوایە بە ڕێی گومان و وەهمەوە، نەک دەرونی پێ تێکناشکێ، بەڵکو دەبێتەوە مایەی شکاندنەوەش (دەمەوێ جنۆکە لە دەورم بن، چونکە من بوێرم. بوێرێک تاپۆکان دەتارێنێ و بۆخۆیان جنۆکە دەخوڵقێنن. نیچە)، بەوەی بە کوشتنی خوا بۆتە خوایەکی تری شەیتانی، واتا وەهمیش بە وەهم (تەئویلکردن/هەڵوەشاندنەوە) وەڵام دەداتەوە!

کەواتە جگە لە کوشتن و لەناوبردنێکی یەکجارەکی، یان لێیگەڕێی خۆیی و چارەنوسی هەتا دەمرێت، گشت شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەیەکی دەرونی لەگەڵیدا بێهودەیە.

لە هەمان کات بەهۆی ئەوەی نیچە تەنیاکەوتن و بەخوابونێکی هونەرمەندانەی ئۆرفیۆسییە، لەسەر بنەمای بەرجەستەنەبونی خەیاڵەکانی لە پانتایی واقیع و ڕونەدانی ئەم هاوئاستبونەوە و سەرسام نەبونی بە هیچ، بە هیچیش ڕازی ناکرێ، یان لە ئەگەری بەرجەستەبونی خەیاڵیشی لە پانتایی واقیعدا، لەبەر ویستی تێپەڕاندن، یانیش وەکئەوەی بەتاڵبونەوەیەکی جادوی خوایەتی (جیاوازبون/هونەرمەندبون/فەلسەفەکار/شۆکهێنەر) و دابەزینێک بێ بۆ ئاستی مێگەل (سۆزەکی/دۆزەخ ئەویترە)، ئەوەش یەکسانبونەوەی ئۆبێکتە بە نەستی، دواجار بە دۆزەخی ئەویتر و بێ ئەویتریش مانەوە.

هەروەها سەرەڕای ئەم جۆرە مرۆڤە نە بە ململانێ دەرونییەکان دەشکێندرێ، نە بە دابینکردنی پێداویستی و حەزەکانی ڕازیش دەکرێ (ئەو هونەرمەندەی حەزی پێ دەکەم زۆر سادەیە لە پێداویستی ڕۆژانەیدا، لە بنەچەدا دو شتی دەوێ نانی ڕۆژانەیی و هونەرەکەی. نیچە)، کەچی بێدەنگیش نابێت، بەو هۆیەی چۆنییەتی کەسایەتییەکەی هەڵگەڕاوەیەکی دژەباو و خۆخەسێنەرێکی ناوەکی خەسێنەرانەیە (سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر/فەیلەسوفی هونەرمەند/شەیتانی نورانی)، بە خەساندنە دەرونییەکانی هۆشی دەکەوێتە گەڕان بەناو پانتایی ئایدیاکان و شیکردنەوەیان، لە ئەنجامدا وەک پڕبونێکی لەناوەوە پێویستی بە قڵپکردنەوەی تێگەیشتنە باوەکان و ڕژانێکی دەرەکییە (دەمەوێت بتاندۆشم، ئێوەی مانگاکانی سەرەوە!/من داینامێتم! نیچە) وەک ڕەتکردنەوەیەک سەرەتا بۆ خۆئارامکردنەوە، لە دواتریش بەرهەمهێنانەوەی نیچەییەکی تری باڵای هەڵگەڕاوە (ئەوەی ببێ بە من دەبێ بەخۆی. نیچە)، ئەگەرنا ناژیت.

لێرەوەیە ئەم کەسایەتییە سادۆمازۆخییە ناوەکییە خەسێنەرە بە مرۆڤبونە باڵایی و بەخوابونە شەیتانییەکەی بەڵا و کۆسپێکە لە بەردەم دەسەڵاتە کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسییەکان، بە تایبەت لە بەرانبەر ئەو ستەمکارە مۆدێرنانەی لەبری کوشتنی مرۆڤ، بە تێکشکاندنی دەرونەکان و جارێکی تر چاککردنەوەیان (بە ڕازیکردنێکی سەرکوتکەرانە) وەک بەرهەمهێنانەوە و ئاڕاستەکردنێک، هاوڵاتییان دەکەنەوە بە خزمەتکاری خۆیان.


هیوا سەعید

Popular Posts