زەردەشتەکەی نیچە

منیش کتێبی چاکم نوسی!

خەڵک تەنیا ئەوانەیان خۆشدەوێ کە ئازار دەکێشن،

خۆشەویستی بەو کەسانە دەبەخشن کە برسین:

ئۆە زەردەشت، سەرەتا لە خۆتی سەرف بکە!

- من هەقیقەتی تۆم..                                                     "نیچە"


کتێبی "وەهای گوت زەردەشت" زمانی ڕۆحە (هۆش) کەوتۆتە قسە، بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤە لەگەڵ خۆیدا، بە مانای ئەو ئەویترە دۆزەخەی (ئۆبێکت)، بەهۆی نواندنەوەی نەستەوە ناکۆکییەکی ناوەکی لەنێوان نەست لە پانتایی خەیاڵ و هەستپێکردن لە پانتایی واقیع دروست دەکات، ئەوە نیچە بە ڕێنمونیکردنەکانی زەردەشتدا نەست و هەست بە یەکتری ئاشت و سۆبێکتی شکاو چاک دەکاتەوە.

لەبەرئەوەی ئەم کتێبەی لە ساڵی ١٨٨٥ پێنج ساڵ بەر لە شێتبون و تێکشکانی یەکجاری بڵاوکراوەتەوە، بەو مانایەی دوای گەشتەکانی ئیتاڵیا و سویسڕا و ڕوداوی ئەسپەکەی تۆرینۆ، بە تایبەت لە پاش دابڕانی لە سالۆمی نوسراوە. چونکە لەم گەشتانەی بەشێوەیەک دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا وەکئەوەی لە دۆڵی گورگان بە لەشێکی بەخوێن و لە چەندین لاوە پەلاماردراو، بەڵام هێشتا نەمردبێ و گەڕابێتەوە، یان وەک لەخۆی دەگێڕنەوە وتوییەتی: "دایە شێتبوم".

بۆیە لەم کتێبەدا هاوشێوەی پەیامبەرێکی هۆشمەند و گەیشتنە لوتکەی مرۆڤبونی دەکەوێتە برینپێچی گیان و ڕۆحی (هۆشی)، دواجار برینپێچکردنی مرۆڤ بە کۆکردنەوەی تەواوی دنیابینییە فەلسەفییەکەی لە زەردەشتەکەیدا، هەتا بە مرۆڤ بڵێ: ئاژەڵ، ئەوە چ مرۆڤبونێکە!

لێرەدا بۆ ئەوەی ئەم زمان و دەربڕینە زەردەشتییە، لەبری تێگەیشتنێکی ڕۆحانی عاریفانە، بە هۆشەکییەکی فەلسەفەکارانە بخوێنرێتەوە، "ئەوە چ مرۆڤبونێکە" مەبەست لە تێپەڕاندنی مرۆڤەئاژەڵی نەستەکییە، بەڵکو لە سەرەتا بە شێتبون لەناو تێگەیشتنی دوفاقانەی باودا درک بە چەوساندنەوە و نامۆبونی بکا، لە دواتریش بەڕێی ئاگاییەوە (یاخیبون لە هۆشیارییەوەیە) بۆ بازدان بەسەر شێتییەکەیی و هەڵگەڕانەوەی لە نەریتی باو، لە ناوەوەی خۆی ببێتە توندوتیژێکی خۆئازاردەر (نیچە: خۆشمدەوێ، ئەوەیکە خوایەکەی تەمێ دەکا/سادۆمازۆخ/تاکگەرا)، بە هەستی (شێر) باڵادەستی بەسەر ئاژەڵبونە نەستەکییەکەیی (کوشتنی خوای نەست/وشتری ملکەچ) و پیش بخواتەوە، لەپێناو نەکەوتنە ژێر هیچ بارێکی دەرەکی و ناچاربونی ئەویترێک، ئەوەش لەدایکبونەوەیەکی فەلسەفەکارانەی مرۆڤە وەک مرۆڤێکی دژەباوی باڵا، لەکۆتاییدا بۆ لەناوچونێکی تراژیدی و یەکسانبونەوەی بە تراژیدیای ژیان و بە ڕاستەقینەیی ژیان.


هیوا سەعید

Popular Posts